رفتن به بالا

هفته‌نامه فرهنگی، اجتماعی، اقتصادی رۆژان

تعداد اخبار امروز : 0 خبر


  • چهارشنبه ۳۱ مرداد ۱۳۹۷
  • الأربعاء ۱۰ ذو الحجة ۱۴۳۹
  • 2018 Wednesday 22 August

  • هفته‌نامه روژان

    صاحب امتیاز و مدیر مسوول: سلیمان الله‌مرادی

    ..............................................................

    نشانی: سنندج - میدان آزادی - انتهای کوچه سجادی (کوچه رزان) - پلاک ۱۱۵

    کد پستی: ۳۳۹۵۳-۶۶۱۳۷

    ..............................................................

    تلفن: ۳۳۲۳۸۵۴۵-۰۸۷

    ای‌میل: info@rojanpress.com

    کانال تلگرام: rojanpress@


اوقات شرعی

  • شنبه ۱۵ اردیبهشت ۱۳۹۷ - ۱۷:۰۸
  • کد خبر : 4003
  • هفته‌نامه روژان
  • چاپ خبر : سیر و بەران… (چیرۆک)
ئەمجەد حەیدەری

سیر و بەران… (چیرۆک)

چەند ساڵێکە جادەی سنە مەریوان لێم بووە بە ڕێگای کانی بەرماڵان و دڵنیاشم وەک پێشینیان دەڵێن گۆزەی سوور هەمووجارێ بە ساغی لە کانی ناگەڕێتەوە! ئاخر هاوسەرەکەم نەخۆشە و دەبێ هەموو مانگێک بۆ وەرگرتنی دەرمانەکانی بڕۆم بۆ سنە. باسی نەخۆشین ناکەم، چونکە ئەوەش خۆی چیرۆکێکی تاڵە و دەبێتە مایەی کولانەوەی زامی دڵی خۆم و ڕەنگە ئێوەی […]

چەند ساڵێکە جادەی سنە مەریوان لێم بووە بە ڕێگای کانی بەرماڵان و دڵنیاشم وەک پێشینیان دەڵێن گۆزەی سوور هەمووجارێ بە ساغی لە کانی ناگەڕێتەوە!
ئاخر هاوسەرەکەم نەخۆشە و دەبێ هەموو مانگێک بۆ وەرگرتنی دەرمانەکانی بڕۆم بۆ سنە.
باسی نەخۆشین ناکەم، چونکە ئەوەش خۆی چیرۆکێکی تاڵە و دەبێتە مایەی کولانەوەی زامی دڵی خۆم و ڕەنگە ئێوەی خوێنەری پێ عاجزکەم.
شەو کاتی خەوتن سەعاتە بچکۆلانەکەی ژوورەکەم تەوقیت کرد و خستمە ژوورسەرم بۆ ئەوەی سەعات پێنجی بەیانی خەبەرم کاتەوە.
بەڵام لێتان ناشارمەوە حەرام بێت چرکەیەک خەو چووبێتە چاوم، هەتا بەیانی وەک ئێشکچی زیتە زیت لێم دەڕوانی تا لێی کردم بە هەرا.
خێرا گورج خۆم پێچاوە دو دەنک خورمام هەڵدا وتم با بەرچاییەکم کردبێ، موشکڵەزمەتان بم هەر نەگەشتە مەعیدەشم.
هەرچۆن بوو خۆم گەیاندە چوارڕای شەبڕەنگ، کزە بای ئاخر مانگی زستان ئەتوت کۆنە ڕاوچیە و ورد ورد بۆ نێچیر ئەگەڕێ.
ملیوان پاڵتاوەکەم هەتا بناگوێم هەڵکێشا و لە سووچێک وەستام و لەسەرما ئەم قاچ و ئەوقاچم ئەکرد.
کرێکارێکی شارەوانی بە جلوبەرگی پرتەقاڵیەوە وەک خاڵخاڵۆکە (گوێرەکەسوورە) کەوتبوە وێزەی ڕاسەڕێی شەقامەکە و هەردوقۆڵی وەک دروێنە بکات هێڵ لە سەر هێڵ خش خش زبڵ و پاکەتە جگەرەی بەتاڵ و قتوی ساردی ڕادەماڵی. جارجارەش لەو بێدەنگیەدا بە خەستی دەکۆکی و بەڵغەمی فڕێ ئەدا و لەبەر خۆیەوە هەر ورتەی دەهات.
خواردنگە دەسگێڕەکان و لەفە فرۆشەکانی مەیان شەبڕەنگیش خەریک بوون کەل و پەلەکانیان کۆدەکردەوە.
کوڕە گەنجێکی ۲۰ ساڵانی دەنگ خۆش بەدەم کارەکەیەوە لەسەرخۆ گۆرانی دەگوت، وادیار بوو کاسبی ئەمشەوی باش بووبێت.
مینی بووسێک چەن مسافێرێکی تێ ئاڵابوون و سەرقاڵی بارکردنی مەکینەیەکی جل شۆردن بوون.
شۆفێری ئۆتۆمبێلێکی سەواری پەیتا پەیتا مژی لە جگەرەکەی ئەدا و بە تێپەڕبوونی هەموو تاکسیەکی ناوشار سەرنجی نەفەرەکانی ئەدا بەڵکو مسافێری سنە بن.
بانگی بەیانی لە بڵندگۆی مزگەوتی هەژارەوە دەهات کە ڕێکەوتین، پاش ناونووسین و فوولکردنی بەنزین کورد گوتەنی لە ئاشدا درەنگ کەوتبو لە ڕێگادا قەرەبووی دەکردەوە!…
خۆ هەموو جارێک هاتوچۆ کردن لە ڕێگای سنە مەریوانیش پێویست بە گەردن ئازایی و ماڵاوایی کردن لە خاوخێزان ئەکات؛ وەک دەڵێن ڕۆیشتن بە دەست خۆتە و گەڕانەوەت بە خودایە.
دیار بوو کابرای موسافێری تەنیشتم لەمن خرابتر شەونخوونی کێشابوو، ئەڵێی لە دیوەخانە و پاڵی بە جێوبانی کوردیەوە داوە!.
لەگەڵ هەموو پێچێکی جادەکەدا وەک هەرەس دەڕووخا بەسەرمدا و منیش بەین بەین جووڵەیەکم دەکرد و بە ئەنقەست کۆکەیەکم بۆ دەکرد بەڵکو کابرا لە خەو هەستێ و خۆی کۆکاتەوە.
جارجار کاکی شۆفێر بۆ ئەوەی خەو نەیباتەوە سەری قسەی دەکردەوە و گلەیی لە خراپی ڕێگاوبان ئەکرد و عەیب نەبێ دۆعای خێریشی حەواڵەی بەرپرسانی ڕێگاوبان دەکرد!….
موسافێری تەنیشتی شۆفێریش کڵاوێکی خوری تا نێوچاوانی کێشابووە خوار و بە ناچاری بەڵێی بۆدەکرد و باوێشکی ئەدا بەڵکو وازبێنێ و ئەمیش تادەگاتە سنە سەرخەوێکی بۆبشکێنێ.
سێ چوار دەزگا ئۆتۆمبێلی شارستانی لە پێش مزگەوتەکەی “ نگڵ” لایاندابوو؛ جەماعەتێکیش خەریک خواردنەوەی چای و قاوە بوون.
کاتێ گەشتینە ترمیناڵ سنە وەک هێلانە زەردەواڵە قەرەباڵغیەکی زۆری پێوە دیار بوو.
شۆفێری تاکسیەکان وەک ڕاوە گورگ پەلاماری موسافێریان ئەدا و بەپەلە نەفەریان سەردەخست و منیش هێشتا تەزی لەشم دەرنەکردبوو دیسان ترنجامە نێو تاکسیەکی ترەوە و دەرمانخانە بمگرە هاتم.
چاوتان ڕۆژی ڕەش نەبینێت، لە نێو دەرمانخانە وەک سووژنێک لە نێو کادێن ون بووم.
هەستم دەکرد لە نێو باخێکی خەزان لێکەوتووی پاییزیدام، ڕەنگ و ڕوخساری زەرد و هەڵپڕووکاوی نەخۆشەکان هەریەک چیرۆکێکی لە نێو چاودا بەدی دەکرا و مرۆڤی پڕ هەست ناچار دەبێ خۆی لێ بدزێتەوە!…
نەخۆشە درێژخایەنەکان (بیماران خاص) بەشێکن لەو نەخۆشانەی کە دەبێ بۆهەمیشە دەرمان بەکاربەن، ئەویش بە نرخێکی زۆر گران و نایاب.
بەداخەوە تەنانەت مافی ئەم نەخۆشانەش وەک یەک ڕەچاوناکرێ و بە بیانووی نەبوونی پارە لە لایەنی پەیوەندیدارەوە بەشی یارمەتی کڕینی دەرمانەکانیان بڕیوە و فشارێکی زیاتر دەخرێتە سەر نەخۆشەکان و بنەماڵەکانیان.
بەهەرحاڵ؛ پێش نیوەڕۆ پاش ڕاکە ڕاکەیەکی زۆر دەرمانەکانم وەرگرت و خستمە تەنکەی باخەڵمەوە.
لە مەیانی ئێقباڵەوە ڕێکەوتم، پەیکەرە شکۆدارەکەی “ئازادی” هێشتا هەر دوو دەستی بەرەو ئاسمان ڕاگرتبو.
ئەم پەیکەرە وەک ناسنامەیەکی شار سنە دێتە پێش چاوم. نازانم هۆکاری چیە بەڵام بە دیتنی هەستێکی جیاواز و غەریبم هەیە وادەزانم خۆمم لەوسەرە وەستاوم و حەزدەکەم بێمەخوارەوە بە ناو کۆڵان و گەڕەکەکاندا پیاسەیەک بکەم و سەرێک بدەم لە پەیکەری “شاخەوان”ەکەی مەیان (کوهنورد) و پاشان لە ژێر شۆڕە بیەکی ئاویەر تێر بڕوانمە سنە و چایەکی خەڵووزی بخۆمەوە. شەقام و پیادەڕەوەکان مەیان ئێقباڵ تا سەر پرد مەڵاوەیسی جمەیان دەهات لە قەرەباڵغی خەڵک و ئۆتۆمبێلەکان.
عەرەبانەی سەوزە و میوە و تەماتە و بیبەر، چاکەت و پانتۆڵ هەتا پیاڵە و کتێب و نان لەواش و سی دی، خۆلاسە لە شاخی مار هەتا شیری چۆلەکە هەموو نەوع کاڵایەک لە سەر پیادەڕەوەکە ڕیز کرابوون و هاواریان بۆدەکرد. دەتگوت ڕۆژی حەشرە، سوژنت داخستایە نەدەکەوتە عەرز.
کوڕە گەنجێکی سی ساڵان لەسەر لەتە مقەبایەک سێ چوار جووت پێڵاوی کۆن و چرچ بووی ڕێز کردبوو، جگەرەکەی لە نێو پەنجە زەرد هەڵگەڕاوەکانی گەیشتبووە فیلتەرەکەی و پێی نەدەزانی. باڵای بەرز و قژێکی ڕەشی ئاڵۆزی چڵکن، ڕەنگ و ڕوخسار دەتگوت شەوە گووشاویەتی، چاوەکانی کز و بێ هێز بوون. پێ دەچوو برسیەتی زۆری کێشابێ؛ یاخود دەرمانی لێبڕابێت. لای دەستیەوە کابرایەکی سەوزی فرۆش هەرایەکی نابوەوە هەر مەپرسە.
بە بیانوی سەرنج دانی کوڕە گەنجەکەوە کیلۆیەک هەنجیر و هەندێ “سیر” ی تازەم کڕی، ساقەتە “سیر” ی چی، ئەتووت چەپکە کەوەرە؛ سەوز و درێژ لە نێو نایلۆن جێی نەدەبووەوە. یەکەمجارم بوو “سیر”ی تەڕ ببینم، ئەشەدو ناهەقی “مـار” ناگرم خۆشی له سیر نایەت. ئەڵێی کیمیایەکەی عەلی حەسەن مەجیدە و دەشتی شارەزووری پێ دەرمانخوارد کردوە.
برسیەتی زۆری بۆ هێنابووم، ئاخر دوو دەنک خورمای ڕەق و تەق بەرگەی چی دەگرێ!… سەرو پێشم خواردبێت هەرئەوەندە بڕ ئەکات. بۆنی “کەلانە” حەیاتەکە ئەوەندەی تر هاری کردم، ئاخر کاتێ برسیم بێت وەک مناڵی بەرمەمکان خۆم پێ ناگیرێ و بێ تاقەت ئەبم. وەستای کەلانە گونکی ئەگرت بەقەد سەلکە چۆلەکەیەک، پرووشکێ تەڕەپیازی پیا ئەپژاند و زرم ئەیدا بەسەر ساجێکی درێژ ئەتووت دەزگای فتۆکۆپیە. چوار دانەم بە دۆی شیرکەتیەوە لول دا؛ دووربێ لە ڕووتان ئەوەندی تر مەعیدەم تێکچوو، عەیب نەبێ قرمە قرمێک لە سکمەوە دەهات دوژمن لە ماڵتان ناهومێد بێت.
دەمێک بوو حەزم لە دۆڵمەی گەڵامێو بوو، لامدا دووکانێکی ترشی فرۆش سەوامکرد دو کیلۆ گەڵامێوی شۆرم کڕی و کردیە نایلۆن و دایە دەستم؛ لە نێو قەرەباڵغی دەور مەیان بیرم کەوتەوە کابرای گەڵامێو فرۆش خەڵەتاندوومی، چوار هەزار تمەنم فت.
تازە بڵێم چی دوور کەوتبوومەوە، لەم وڵاتەی ئێمە هەموو شتێک ئەبێ.
سەرم بە پیس ژانی ئەکرد، چایخانەیک لەو نزیکانە بوو خۆم پیاکرد. بەسەرو شکڵما دیار بوو سنەیی نیم؛ کابرای چایچی لە پشت مێز و سەماوەرەکەوە بە زڕە زڕ پیاڵەکانی ئەشۆرد، بەخێر هاتنی کردم (چا ئەخۆی ئابرا؟..).
لە نێو تارمایی دووکەڵی نێرگەلە، کە وەک توونی حەمامی قەدیم په‌نگی خواردبووەوە و ناو چایخانەکەی داپۆشیبوو کابرایەکی کورتە باڵای سپی پۆشی سمێڵ قەوی بە باوەشێک پیاڵەوە هات بەرەوڕووم. چەپکە سمێڵی کابرای چایچی خستمیە بیر ساقەتە سیرەکەی ناو نایلۆنەکەی دەستم و هێڵنجم ئەهات. مزگەوتێک لە تەنیشت چایخانەکە بوو، وتم فرسەتە با سەرئاوێکیش کەم.
دوور بێ لە ڕووتان ئاودەستی چی ئەتوت تابلۆی ئێعلاناتی شیرکەته؛ چارەکە سەعاتێکم پێ چوو هەتا دەرگا و دیوارەکەی بەرامبەرم خوێندەوە.
درۆ ناکەن لەم وڵاتەی ئێمە دا “ئازادی” لە ناو ئاودەستەکاندایە، خۆلاسە بە هەوەسی خۆیان داخی دڵیان هەڵڕشتبوو. هەموو جۆرە ڕەقەم و ژمارە تەلەفۆنی لێ نوسرابوو.
ژانی جمگەکانی ئەژنۆم هێنامیە سەرخۆ و بە پەلە خۆم گورج کردەوە.
پیرە پیاوێکی شەست ساڵان لە ڕەنگی کوڕە گەنجە پێڵاو فرۆشەکە لە پشت مێزێکەوە لەسەر کورسیەک دانیشتبوو. فەقیرە ئەویش گیرۆدەی مادەی هۆشبەر بوو. پێنج سەد تمەنیەکی ئاسنم خستە ناو سینیەکەی بەردەمی، داچڵەکا و لە ژێر لچەوە بۆڵەیەکی کرد، پێم وابێ لە یارۆ دۆعاکانی کابرای شۆفێر تاکسی سنە مەریوانی حەواڵە کردم. هەناسەیەکم تێ هات، گورج خۆم گەیاندە تاکسیەکان دەورمەیان و یەکسەر بۆ ترمیناڵ مەریوان. کارناسی بەرنامەی هەتا دوی ڕادیۆ سنە باسی ڕەفتار لەگەڵ منداڵانی ئەکرد. لە دڵەوە چڕابووم لە پێکەنین، جارێ شێوازی کوردی قسەکردنیان یەکجار سەقەت بوو. کەس نیە بڵێ کاکە خۆتان بۆ عەزیەت ئەدەن ڕاس و دروس بیکەنۆ بە فارسی و نەجات. کابرای کارناسی منداڵان وەک بیری چووبێت لە وڵاتی ئێرانە ئاماژەی بە بنەماگەلێک دەکرد کە وڵاتانی ئوروپاش تازە پێی گەیشتوون.
“ئــابـــرا دانــاوەزی؟… ترمیناڵە” به دەنگی شۆفێر تاکسیەوە هاتمەوە سەر خۆم. کرێکەم دایە دەستی و دەسخۆشیم لێ کرد؛ بە توانجەوە گوتی: خواحافزۆبێ، سڵام گەینە. گۆیا من لادێیم و گاڵتەی پێدەکردم!…
لەگەڵ گەشتمە بەر دەرگای ترمیناڵ وەخت بوو زاورم بتۆقێ. سەقز سەقز، دیواندەرە، مەریوان مەریوان، بیجاڕ، دا بێرۆ ئابرا بیجاڕ ئەچی؟!… لە ترسان وەخت بوو بڵێم بەڵێ، جا وەرە ئەمەیان خۆشکە.
کابرای شاگرد شۆفێر خەریک بوو پەلامار نایلۆنە “سیر”ەکەی دەستم بدات؛ خێرا خۆم ڕزگار کرد و بەرەو وێستگەی مینیبووسەکان مەریوان ڕۆیشتم.
ئاخر بیرم چوو بڵێم سەیوانی برام تەلەفۆنی بۆکردم، ئەیگوت لە مەریوان باران بە خوڕ ئەبارێ و جادەیش زۆر خەتەرە.
ڕاستان دەوێ لە ترسی شۆفێر تاکسی ئەوسەر نەموێرا بە تاکسی بگەڕێمەوە و لای خۆم گوتم قیر و سیا، هاتوچۆ بە
بە مینیبووس مەترسی کەمترە و بەشکم هیچ نەبێ لەمسەرەوە سەرخەوێکی بۆ بشکێنم.
شۆفێری مینی بووس وەک هەنگی لە قلۆرەدارا دۆزیبێتەوە بە پێکەنینەوە هات بەرەو پیریمەوە… مەریوان بە جێ نەمێنی، ئابرا ناوت چەس؟…
بەدەم ناونووسینمەوە هەتا سەرکەوتم لەگەڵم هات. سڵاوێکم کرد، پێم وابێ شەش حەوت نەفەر موسافێری لێ بوو. یەک دووکەس عەلەیکیان دامەوە.
سەیری کورسی پێشەوە، تەنیشت کورسی شۆفێرمکرد کڵاوێکی بەنی ڕەشی دەسچنی تیا دانرابوو.
ڕەنگە لاتان سەیر بێت بەڵام لە تەمەنمدا بە ئاواتەوە بووم جارێک لە کورسی پێشەوەی مینی بوس دانیشم، ئەمجارەشیان فت.
کورسی پشت شۆفێریش عەینەن، دەڵقێک وردە شتی تیا بوو، گۆیا پێشتر کەسێک ئێرەی دیاریکردوە بۆدانیشتن. کابرایەکی ڕەشتاڵەی ۶۰ ساڵان بە ئەستەم لە پشتە ملیەوە تووکی سپی پێوە مابوو بە پێکەنینەوە بانگی کردم…
بێرۆ کاکە بێرۆ جێگەم بۆ گرتووی…
ـ مەمنون کاکە گیان، شوێنی کەسی تر نیە؟…
ـ کورە بێ دانیشە…
کچ و کوڕێکی گەنجی پانزە بۆ بیست ساڵان لە کورسی دواترەوە بوون. هێشتا دانەنیشتبووم خانمەکە بە لالووتێکەوە ڕووی وەرچەرخاند.
بیری”سیر”ە حەیاتەکەی دەستم کەوتم، چۆن لێم بووە بە بەڵا و لە کۆڵم نابێتەوە.
بانگی شۆفێرەکەم کرد، کاکە گیان زەحمەت نەبێ ئەم نایلۆنەی دەستم “سیر”ی تیایە، ڕەنگە موسافێرەکان بێتاقەت بکات، با بیخەینە سنووقی دواوە.
کابرای شۆفێر بزەیەک گرتی: بانچاو، وەلێ سەرێ حەیوانی هاتیا.
ـ جا باشە حەیوانی چی برا؟…
ـ چا ئەزانم، بەران ئەو کاوراسە.
ـ جا وەڵا نایکەمە سنووقەوە، سیرەکە ئەخوات.
ـ نە باوا مەترسە بەستگمانەسۆ، ها ناو چاڵ زاپاسەکا.
کاتێ دەرگای سنووقی کردەوە هەستم کرد سەر بە گەوڕی ئاگجە و گۆگجەدا ئەکەم.
بەرانێکی قاوەیی مەیلەو سوور، چاوەکانی ڕەش ڕەش وەک دەنکە ترێ، بەع بەع….
نایلۆنی سیرەکەم گرێ دا و لە سووچێکی سنووقەکە دامنا و لە دڵەوە ئامانەتیم دایە دەستی بەرانە شەماڵ.
دیسان سەرکەوتمەوە و لای کابرا قژ ڕووتاوەکە دانیشتم.
پاش چاک و چۆنی بە پێکەنینەوە گوتی مەترسە سیر ناخوات.
ـ کورە سۆعبەتەکەم برا، ووتم ڕەنگە موسافێرەکان پێی بێزاربن با گلەییمان لێ نەکەن.
هەستم بە بۆنی بەرانە شەماڵی سنووقەکە دەکرد.
کابرای تەنیشتم ناوی کاک ڕەحمان بوو، خەڵکی گوندێکی نزیک مەریوان. پاش هەندێ دەمەتەقێ گوتی وەڵا برا ئەو بەرانە هی منە.
ئەمجار زانیم بۆچی بۆنی سنووقەکە گەیشتووتە ناو مینی بووسەکە!…
بەرە بەرە تاک و جووت موسافێرەکان هاتن و خاوەن کورسیە خواپێداوەکی پێشەوەش قیت و قنج مێزەرێکی ڕیشو گرێ دراوی سورمەیی لەسەر و دەسێک ڕانکوچۆخەی ئوتونەکراوی لۆچ و پشتێنێکی ئەستووری مەخمەڵی بەنەوشی بەستبوو.
سڵاوی جەماعەتی کرد و منیش وەک ئەوەی بەغیلی پێ بەم بە حەسرەتەوە سەیرمکرد و بەخێر هاتنم کرد.
ڕێزی تاکە کورسیەکان تا ئاخر کوڕێکی لاوی سنەیی و بەدوایدا دوو خانمی گەنجی مانتۆ پۆش دانیشتبوون.
لە دوورەوە چاوم لە سەربازێکی جل خۆڵەمێشی بوو بەپەلە خۆی کرد بە ناو مینی بووسدا و یەکڕاست تا کورسی دواوە نەوەستا.
موسافێرێکی تر لە دوورەوە ڕووی تێکردین لە دڵەوە دەپاڕامەوە خوایە نەیەت، پێغەمەر بڕوات بۆ شارێکی تر.
لە چاو ترووکانێکا خۆیکرد بە ژوورا.
ـ سەلامۆعەلەیکم.
ـ یەک دوو کەس بە ناچاری وەڵامیان داوە.
ـ مەریوان میرە؟…
ئەویش لۆژە لۆژ سەری داخست ڕۆشتە پاڵ سەربازە گووپخڕەکەی دواوەی مینی بووسەکە.
سەروشکڵی کابرای فارس لەو نەوعانە بوو کە هەرگیز حەزم نەکردووە بە ڕێبواریش تووشیان بم.
پێستی دەموو چاوی وەک بوغزاو وابوو، ڕیشێکی ڕەشی تەنک و شەرواڵێکی پارچەیی و کیفێکی چەرمی بە دەستەوە بوو، وەک بڵێی سەرژمێرمانکات یەک بە یەک سەیری هەموومانی دەکرد.
تازە سۆفیانمان بە جێ هێشتبو، بۆنی پەیین و پاشەڕۆی “بەران”ەکە هەراسانی کردبووین.
خانمە گەنجەکان لە هەموومان خرابتر بە سووچی حەگاڵەکانیان دەموولووتیان هەڵپێچابوو سەریان نابوو بە شیشەی مینی بووسەکەوە.
کابرای شەرواڵ لە پێ کردی بە هەرا: ئاغای ڕانندە ئین چە وەزعیە، تو سەندوق چی داری؟
شۆفێری بەستەزمان لەمن خرابتر دەمی لە گۆی نەدەکرد و گوتی: یەک عەدەد گوسفەند مال مسافیر ئەست.
ـ یەعنی چی، مەگە ئاغۆلە؟
خۆلاسە کارێکیان پێ کرد بە قیتە نەکرابێ.
ناچار شۆفێر تەلەفۆنی بۆ هاوکارێکی تری کرد و لە ڕێگادا وەک بارمتە، بەران و کاک ڕەحمان گۆڕدرانەوە.
سەرفرازبێ نەجاتمان بوو بەڵام خوا هەڵناگرێ “بەران”ە شەماڵ بێتاوان دەرچوو و زمانی بوایەت ئەیوت خەڵکینە ئەم بۆنە هی من نیە و هەمووی بە کابرای خاوەنمەوەیە.
ناهەقیشی ناگرم، لەگەڵ کاک ڕەحمانی چێواری لادەستم ڕۆیی هەستم کرد لە باخی ئێرەمی شیراز شەکراوی لیمۆ دەنۆشم.
کابرای مێزەره لەسەری پێشەوە کردبووی بە ڕۆژ خۆی.
بڕوابکەن بەقەد وەزیرێک سەرقاڵ بوو، ئەم تەلەفۆنی دائەخست یەکێ تر تەلەفۆنی بۆ ئەکردەوە. گوێ قوڵاخ بووم بزانم مەسەلە چیە.
ئەیوت من لە بەر ڕەزای خوا ئەیکەم. دیار بوو شۆفێرەکەش قسەکانی میرزای بەدڵ بوو لەکۆڵ نەدەبووەوە.
کورت و موختەسەر کابرا ئەیوت بۆنگام هەیە و کاری خێر ئەکەم. هەرکەس حەزی کرد ژن بێنێت یا شووبکات کاریان بۆ ئاسان ئەکەم و ئەیانگەیەنم بەیەکتر.
لە دڵ خۆمەوە ووتم بێتو خێزانم بزانێ بەم باسە، ئیتر ڕێگای سنەشم لێ قاچاخ ئەبێت و ئەبێ شیرین دامەچۆی بۆ بڵێم.
لە چاو ترووکانێکا ژمارە تەلەفۆنی میرزا وەک نوقڵ و نەبات لە ناو موسافێرەکان تەوزیع بوو.
بیرم کردەوە باشە ئەم کابرا بەم تەمەنەوە کە ڕەنگە چوار کەلاس خوێنەواری قەدیمی بێت، ئەگەر شارەزایی لە دنیای مەجازیدا بوایەت و دەستی بگاتە فەیسبوک و تلگرام و ئینستا؛ وەک سەفیری بەختەوەری پشتوێنەکەیشی ئەبەن بە میفەڕک و نفوسی کوردستان والێ دەکات بە زلهێزەکانیش چار نەکرێت.
پیرە ژنێکی دنیا دیدە لەوسەرەوە ئەیژەندە موسافێری پێشەوە: دا ڕۆڵە شمارە تەلەفون ئەو کاورامە بۆ بێرا….
وتم خاڵۆ ژن بە خێریەت ژن بۆ کوڕت ئێنی، کچ ئەدەی بەشوو…؟
زەردەیەک گرتی و گوتی: کورە تۆ بێرای خوا ئەزانێ…
ئیتر خاترجەم بووم بۆخۆیەتی.
دەستەکەی شکاوم چۆن لە گوێی گادا خەوتووم!….
لە دوورەوە کاروانێک سەواری و مینی بوس و لۆری و تانکەری نەوت کێش لووتیان نابوو بە قنگ یەکەوە.
زۆر دەترسام شتێ قەومابێ. ئێمەش کەوتینە ناو ئاپۆڕەی قەرەباڵغیەکە و لاماندا.
خۆم پێ نەگیرا لە قەراخ جادەکە دابەزیم، هەتا چاو بڕی دەکرد ئۆتۆمبێل و تانکەری نەوت ناو جادەکەیان داخستبو.
دەستە دەستە خەڵک کۆببونەوە بەدەم جگەرە کێشانەوە باسی کەوتنەخوارەوەی تانکەری نەوتیان دەکرد.
بەدرێژایی دو بۆ سێ کیلۆمەتر ڕێگام بڕی تاگەیشتمە شوێنی ڕووداوەکە. بەشی دواوەی تانکەرەکەیان بە جەرسەقیل کێشابووە سەرجادە و شۆفێردانەکەش لەسەر تاشەبەردەکانی قەراخ چەمەکە خۆی دابوو بە خۆر.
جۆگەی نەوتی ڕەش بە قەراخ جادەکەدا وەک ڕەشمار بەرەو ئاوی ڕوبار دەکشا و پەڵەی نەوت و چەوری بەسەر ئاوی لێڵدا بەرەو دەشتە کان نەرمە شەپۆلی ئەدا.
کابرای شۆفێر ژیرانە خۆی هەڵدابووە خوارەوە بەڵام تانکەر ببوو بە تریت.
دوای سێ کاتژمێر مانەوە بەرە بەرە ڕێگایان کردەوە و گەڕامەوە خزمەت میرزای فریادڕەس.
دیسان ڕێچکەی لۆری و ئۆتۆمبێل و تانکەری نەوت کێش وەک شارە مێرولە ملی ڕێگایان گرت گەشتینه نگڵ، خاڵۆ میرزا بڕێک پارە لە قوولەمشتیا بوو پێم وابێ وەک دەفع ئولبەڵا نەزری سنوقەکەی نگڵی کردبوو.
شۆفێرەکە قایشی خۆبەستەوەی تەنها لەبەر پۆلیسی هاتوچۆ ئەبەست و دواتر لەخۆی ئەکردەوە.
هێشتا نەگەیشتبووینە چایخانەکەی بەرقوڕوو خانمە گەنجەکە هاتەدەنگ.
ـ ئاغەی ڕانەندە بوەخشە چەن دەیەقەێ لە بەرقوڕوو ئەوێسی؟…
لەو خرابتر، کاک عەباس تەنگاو بوو.
گورج دابەزی و دەسنوێژی گرت و لەسەر سەکۆی سەرجادەکە نوێژی دابەست.
بەڵام وەک دیار بوو دڵی هەرلای مینی بوسەکە بوو، هەتا سڵاو نوێژەکەی داوە بە تیلەی چاو ئاگای لێمان بوو کە بەجێی نەیەڵین.
میرزای فریادڕەسی قازاخەکان بێتاقەت بوو.
ـ بێرەبان برا، کەی ئیسەوەخت نوێژە، ئەونەی تر مەمانخەرە درەنگ. کار و فرمانمان هەس.
وا دیاربوو مشتەریەکانی لە بۆنگاکەی چاوەڕێیان دەکرد.
تاک و تەراک موسافێرەکان لە سەوڵاوا و قەڵاجێ و کانی دینار دابەزین.
بانگی مەغریب بوو؛ مینی بووسە شەماڵ بە هاڕە هاڕ و هەناسەبڕکێ گەیشتە سێ ڕای نێ.
لە دوورەوە گوڵۆپەکانی ناوشار جریویان دەهات و لەگەڵ ڕێبوارەکاندا کەوتبونە چاوەبڕکێ.
دەستی ئۆخەیم هێنا بە دڵما و شاگەشکەبووم لەوەی ئەمجارەش لەم حەوت خان ڕۆستەمەی جادەی سنە مەریوان بە سەلامەت نەجاتمان بوو.
تا مانگێکی تر ئەڕۆمەوە بۆ دەرمان خوا لە سوڵتان مەحمو گەورەترە، بەڵکو دڵی بەرپرسان نەرم بێت و جادەکەمان بۆ بکەن بە جووت ساید و بیبەسنەوە بە ئوتوبانی مەرکەزەوە.
کیلۆیەک شیرینیم لە قەنادی پەیوەند مەیان جەنگەڵبانی کڕی و هیلاک و ماندوو خۆمکرد بەماڵا.
ئێستا پشتم کردوەتە زۆپای هاڵەکەمان و دوایین دێڕی بەسەرهاتی “ســیـــر و بــــەران” دەنوسم.
هاوسەرەکەم لەسەر مۆبڵی هاڵەکە دانیشتووە و تەزبێحێکی بەدەستەوەیە، لەبەرخۆیەوە دۆعا و نزا دەکا و دەپاڕێتەوە.
نینا چایەکی خەستی بۆ هێناوم و چاوم ڕێچکەو پێچکە دەکات و خەوێکی قورس لەشی داگرتووم.
خەوێکی قورس بەقەدەر هەموو ئازارەکانم.

ئەمجەد حەیدەری

اخبار مرتبط

نظرات

یادداشت روژان

نگاهی به سوانح دلخراش جاده‌ای در راه‌های استان کردستان

گوش‌هایی که نمی‌شنوند و چشم‌هایی که نمی‌بینند

بامداد سەشنبه ۲۰ تیر درحالیکه غالب مردم براساس نظم و گردش شبانەروز در بستر خواب بودند جمعیتی از شهر سنندج، به اقتضای نیاز و کار ضروری عزم سفر کردند تا در این گردش روزگار به نیازهای خود پاسخ دهند اما انگار مقدر چنین بود که به مقصد نرسند و در همان ابتدای سفر راهی دیار باقی شوند. حادثه دلخراشی که به سبب ارتباطات پیشرفته و شبکەهای اجتماعی خواب را در همان نیمەهای شب از چشم هموطنان ربود و به خبر اول خبرگزاری‌های ایران تبدیل شد، به گونەای که سه روز عزای عمومی اعلام شد و مقامات کشور از رئیس جمهور و رئیس مجلس گرفته تا بسیاری از وزرا و شخصیت‌های مطرح کشور با صدور پیامهایی به ابراز همدردی با مردم داغدار کردستان پرداختند و  روز پنجشنبه نیز خبر آن در صفحه اول همه روزنامەهای سراسری قرار گرفت. مرگ دست کم ۱۱ نفر که به سبب نوع حادثه قلب بسیاری‌ها را جریحەدار کرد. نکته حائز اهمیت در این رویداد تلخ ایجاد موجی از حزن و اندوه در عرصه استانی و ملی بود که اگر نبود این ابراز همدردی‌ها شاید تالم ناشی از آن برای  خانواده‌های داغدار قابل تحمل نبود. اما پیرامون این سانحه نکاتی قابل تامل است که بیان آن ضروری به نظر می‌رسد: ۱- تلنگری بود به مسوولان که هشدار رسانه‌ها و کارشناسان را جدی بگیرند. نقطه وقوع حادثه به عنوان مکانی حادثه خیز بارها مورد نقد قرار گرفته بود اما دریغ از یک پاسخ منطقی! ۲- بارها گفتیم و بار دیگر تکرار می‌کنیم، مردم کمبودها و ناملایمات را تحمل می‌کنند اما بی‌توجهی، اهمال، فخرفروشی و بی‌عدالتی ازسوی مسئولان را تحمل نمی‌کنند. شکی نداریم که با هزینه چندبرابرهم که شده این مسیر تحت فشار افکارعمومی در کوتاه‌ترین زمان اصلاح خواهد شد، همچنانکه قطعه‌ای از مسیر راه سنندج- حسین آباد، در سال 1382 پیش پس از واژگونی تانکر حامل مواد شیمیایی MTBE و سرازیر شدن مواد آن به داخل آب سد قشلاق بلافاصله اصلاح شد، آیا بهتر نیست قبل از وقوع حوادث تلخ و تحمیل هزینه‌های بسیار گوشها را بروی انتقادات بگشایند و اینقدر بیخیال نباشند. حتما باید جان چند نفر گرفته شود تا معبری حادثه خیز اصلاح شود؟ 3- بارها از تردد تانکر‌های نفتکش در جاده‌های کردستان به عنوان ارابەهای مرگ و کابوس نام برده شده است و سال‌هاست واژگونی تانکر‌ها که نفت و مشتقات نفتی عراق را از طریق جاده‌های باریک و ناامن کردستان به ویژه مریوان و سنندج به ایران می‌آورند یا محصولات نفتی فراوری شده مانند بنزین و گازوئیل را به آن کشور منتقل می‌کنند، همچون کابوسی مردم و محیط زیست منطقه کردستان را تهدید می‌کند. گفته می‌شود در سوآپ نفتی ایران و عراق روزانه ۳۰ تا ۶۰ هزار بشکه نفت خام از طریق مرز به پالایشگاه‌های کرمانشاه، شازند، تهران و تبریز انتقال داده می‌شود و ایران معادل آن را در بنادر صادراتی جنوب تحویل مشتریان عراق می‌دهد. آمار تردد روزانه از ۶۰ تا ۴۰۰ کامیون در محور مریوان – سنندج که یکی از باریک‌ترین و ...