رفتن به بالا

روزنامه فرهنگی، اجتماعی، اقتصادی رۆژان

تعداد اخبار امروز : 0 خبر


  • شنبه ۲۹ دی ۱۳۹۷
  • السبت ۱۲ جماد أول ۱۴۴۰
  • 2019 Saturday 19 January

  • روزنامه روژان

    صاحب امتیاز و مدیر مسوول: سلیمان الله‌مرادی

    ..............................................................

    نشانی: سنندج - میدان آزادی - انتهای کوچه سجادی (کوچه رزان) - پلاک ۱۱۵

    کد پستی: ۳۳۹۵۳-۶۶۱۳۷

    ..............................................................

    تلفن: ۳۳۲۳۸۵۴۵-۰۸۷

    ای‌میل: info@rojanpress.com

    کانال تلگرام: rojanpress@


اوقات شرعی

  • جمعه ۲۳ آذر ۱۳۹۷ - ۱۳:۲۵
  • کد خبر : 4475
  • هفته‌نامه روژان
  • چاپ خبر : سەرەتایەک لە ڕۆشنبیری ئایینی لە کوردستان

تا وەکوو ئێستا وا باوە ڕۆشنبیری دینی لە جیهانی ئیسلامیدا لە سەید جەماڵەدین ئەسەدابادی ئەفغانیەوە (١٢١٧-١٢٧۵ هەتاوی) دەستی پێ کردووە. دوایی کەسانێک وەکوو ئێقباڵی لاهووری، شێخ موحەمەدی عەبدە، ڕەشید ڕەزا، بازرگان، ئەفخەم‌زادە و تاد ئەو ڕێچکەیانە لە ئەفغانستان، پاکستان، ئێران و میسر درێژە پێ داوە و لە ڕێژەیەکی کەمینەیی ئەوکاتەی کۆمەڵگادا بوونەتە چینی زۆرینە لە […]

تا وەکوو ئێستا وا باوە ڕۆشنبیری دینی لە جیهانی ئیسلامیدا لە سەید جەماڵەدین ئەسەدابادی ئەفغانیەوە (١٢١٧-١٢٧۵ هەتاوی) دەستی پێ کردووە. دوایی کەسانێک وەکوو ئێقباڵی لاهووری، شێخ موحەمەدی عەبدە، ڕەشید ڕەزا، بازرگان، ئەفخەم‌زادە و تاد ئەو ڕێچکەیانە لە ئەفغانستان، پاکستان، ئێران و میسر درێژە پێ داوە و لە ڕێژەیەکی کەمینەیی ئەوکاتەی کۆمەڵگادا بوونەتە چینی زۆرینە لە سەردەمی ئێستادا. بەپێی بۆچوون و ڕای پسپۆڕانی بواری مێژوو و کۆمەڵناسی له ئێران دەسپێکی ڕۆشنبیری گشتی لەو وڵاتە، دەگەڕێتەوە بۆ میرزا مەڵکەم خان ناظم الدولە (١٢١٢-١٢٨٧ هەتاوی) کە هاوکاتە لەگەڵ سەردەمی مەشرووتیەت. هاوشان لەگەڵ ئەو میرزایە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەو ڕێچکەیە دەستی پێ کردووە و تەنانەت دەکرێ بڵێین پێش مەڵکەم خان و مەشرووتیەتیش. بۆ سەلماندنی ئەو بۆچوونە کە لەوانەیە سەرەتای ئەو ڕێچکەیە لە کوردستان پێش میرزا مەڵکەم خان بێ، پێویستە بەڵگەمەند بپەرژینە سەر ناوەرۆکی باسی بەردەست.
کورتەوتاری بەردەست پەرژاوەتە سەر دەرچەیەک بەرەو کاروانی ڕێبازی ڕۆشنبیری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. [توێژینەوە لەسەر ژیانی مەلا ڕەسووڵی ئەدیب بۆ دەرخستنی مەبەستی وتارەکە]
ڕەسوول کوڕی مەلا سادق کوڕی خەلیفە ڕەحمان زەندییە. ساڵی ١٢۴٨ هەتاوی لە گوندی شاوەلێ سەر بە شارستانی نەغەدە لەدایک بووە. بنەماڵەی ڕەسووڵ سەر بە خێڵی زەندییەکانی موکریان و لاجانە. بنەچەی ئەو خێڵە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کەریم خانی زەند (١٠٨٣-١١۵٧ هەتاوی) کە ژمارەیەک لە زەندییەکان بە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بڵاو بوونەوە. بۆ نموونە بنەماڵەکانی زەندی لە ئاڵیپینەکی دێولان و زەندکەریمی و زەندسەلیمی لە ماچکەی لای سنە و هەروەها خێڵی زەندی و ئەدیب لە پیرانشار و شنۆ و نەغەدە.
کاتی خۆی باپیری ڕەسووڵ چووەتە بیارە و بووەتە خەلیفەی شێخانی نەقشبەندی. ئینجا گەڕاوەتەوە لاجان بانگەشەی ئەو تەرێقەتەی کردووە. [ئەو خەلیفە ڕەحمانە خەتخۆشێکی نموونە بووە و قورئانێکی بە خەتی خۆی نووسیوەتەوە. پشتاوپشت هاتووە و سەرنجام کەوتووەتە لای مەلا شەفێع زەندی لە شنۆ (تەمەن سەرووی ٨٠ ساڵ). لە سەردانێک بۆ لای ئەو مامۆستایە، بەداخەوە دەرکەوت قورئانەکە لە نێوان گواستنەوەی ماڵەکەی لە ورمێ بۆ شنۆ یا لە دەستاودەستی نێوان منداڵەکانیدا جارێک نادیارە.] کاتی خۆی مەلا سادق لە شاوەلێ ڕەسووڵی فێری خوێندنەوەی قورئان و ئەلفوبێ عەرەبی و فارسی کردووە. ئینجا وەک نەریتی باوی ئەوکاتە ڕەسووڵ ڕێی حوجرەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتە بەر و قۆناغەکانی خوێندنی مەلایەتی تێ دەپەڕێنێ. سەرنجام لە قوتابخانەکەی مامۆستا وەفایی له مەهاباد لەگەڵ شاعێری ناودار، مصباح الدیوان ناسراو بە ئەدەب باقی خوێندنی درێژە پێ ئەدات. پاش خوێندن دەگەڕێتەوە بۆ شاوەلێ. ئەگەرچی پلەی مامۆستایی بووە و بە مەلا ناسراوە، بەڵام هاوشێوەی مامۆستا وەفایی ڕوو لە شێوازێکی دیکەی وانەگوتنەوە دەکات. واتا قوتابخانەی دەرەوەی مزگەوت و حوجرە. دەگێڕنەوە هەرگیز خۆشی لە جۆری ژیانی مەلایەتی نەهاتووە و پشتی نەبەستووە بەو ژیان و بژیوە. هاوکات لەگەڵ پیشەوەری ڕۆژانەی خۆی وەکوو دارتاشی، مۆرسازی، ئاش‌وەستایی و دەرمانگەری، ئاغا و ئاغازادەکانی فێری خوێندن و نووسین و خەتی فارسی و عەرەبی کردووە. ئەڵبەت جیا لە ڕێچکە و ڕێبازی مامۆستا وەفایی و ئەدەب، مەلا ڕەسووڵ نەچووەتە ناو ڕێبازی تەرێقەت و ملکەچی شێخان و خانەقاکان نەبووە.
وەک گوتمان مەلا ڕەسووڵی ئەدیب بەئاسانی ناوەرۆکی بازنەی شێخ و مەلاکانی قەبووڵ نەکردووە. هەمیشە ڕەخنەی لێ گرتوون و لە چەقی پرسیار و تێڕامانی خستوون و بەگژیاندا چووەتەوە. بەتایبەت لایەنی خورافاتی ئەو دوو خانەیە داوەتە بەر توانج و تەشەری توند. یا لە دیواخان، هەڵوێستی گرتووە بەرامبەر ئاغا کە بۆچی دەبێ تەنیا ڕەعیەتەکان نۆکەر و کارەکەر بن و هەرەوەزی بکەن بۆ ئاغا. بۆ نابێ پێچەوانەشی بێ. یا چەندین هەڵوێستی ورد و درشتی تر. سەبارەت بە مەلا و شێخەکان، هەر ئەوە بووەتە هۆی ئەوە کە بەردەوام مامۆستاکان بە گوێی فەقێیەکان و خەڵکی دیکەدا بسرکێنن کە دووری بگرن لە باس و قسەی مەلا ڕەسووڵ و هاوڕێ و هاوبیرەکانی. چونکا ئەوانە لادەرن و ڕێچکەی دژە دین و نائیسلامی بابی و بەهاییان هەیە. ئەگەرچی وا نەبووە و ئەدیب بۆخۆی پیاوێکی ئایینی بووە و دەقی شێعرەکانی لەسەر خوا و پێغەمبەر و ئایەت و فەرموودە ڕەتکەرەوەی ئەو بۆچوونەیە، هەروەها لە ناو شوێنکەوتووانی تەرێقەتی قادریە تاقمێ دەروێش بوون کە پەڵە و هەڵەی خورافاتیان قەبووڵ نەکردووە و بوونەتە پێڕەوی ڕاستەقینەی مەلا ڕەسووڵ. هەروەها سەبارەت بە ئاغا و دیواخان، ئەگەرچی مامۆستا و کاتبیان بووە، بەڵام لەو پێناوەدا بزۆزی و ڕەخنەگری نواندووە و ئاغای تووڕە کردووە و لە گوندێک و دیواخانێک بۆ شوێنێکی تر کۆچی کردووە. بۆ نموونە لە پەسوێ و سەرگیز تووشی شەڕ و ناخۆشی بووە لەگەڵ ئاغا.
لە کاتی شۆڕبوونەوەی ڕووسەکان بەرەو ناوچەکە و شەڕ لەگەڵ عوسمانیەکان، فەرماندەیەکی ئەو هێزە لە ئوردووگای ڕووسەکان لە قاڕنێ نەغەدە، مۆرەکەی لێ ون دەبێ. پیاوەکانی بە ناوچەکەدا دەگەڕن و سەرنجام مەلا ڕەسووڵ ئەو مۆرە وەک مۆرکی خۆی دەرئەهێنێتەوە. هەر ئەوە دەبێتە هۆی پێوەندی مەلا ڕەسووڵ و ڕووسەکان لە قاڕنێ. گوایە ماوەیەک بۆ هەندێک کاروباری پێوەندی ئەو ئوردووگایە و خەڵکی ناوچەکە هاوکاری وەرگێڕە ئازەری و فارسەکانی ڕووسی کردووە. لەو ڕێگەوە ئاشنا بووە بە زمانی ڕووسی. ڕاستە ڕووسی زانیوە و لەگەڵ ئەو هێزە پێوەندی بووە، بەڵام لە شێعرێکی کە لە گۆڤاری مەهاباددا هاتووە دەر ئەکەوێ ڕقی لە ڕووسەکان بووە و بە کافری زانیون و دڵی بە عوسمانیەکان بەستووە و باسی جەهادی دینی کردووە. ئەو شێعرە دەریدەخات کە مەلا ڕەسووڵ بەرەچەی خانەقای غەوسابات نەبووە. چونکا هەندێک پێیان وایە مەلا ڕەسووڵ دژی خانەقای نەهری و نەقشی بووە بەهۆی لایەنگری لە قادریەکان، بەڵام ئەگەر ورد بینەوە ئەوکاتە شێخی قادری غەوسابات، شێخ بابا سەعید، بەهۆی دژایەتی لەگەڵ فتوای جەهاد لە کوردستان بەرامبەر بە ڕووسەکان، بە دەستی عوسمانیەکان شەهید کراوە. دیارە ئەوانەی پاش مەرگی مەلا ڕەسووڵ یا سەردەمی خۆی شوێنکەوتووی بوون و دەروێشی قادریی بوون جۆرێک دەرکەوتنی دەرچەیەکی نوێ لەو ڕێبازە بووە لە ناوچەکە و خۆڕێکخستن لەگەڵ ڕێبازی ڕۆشنگەری مەلا ڕەسووڵ. چونکا دەگێڕنەوە دەروێشی وا بووە کە هاتوچۆی خانەقای کردووە و بە کەڵبەش ناسراوە. ئەوانە وتوویانە شێخ و خانەقایش قسەیەک بکا عەقڵ قەبووڵی نەکا ئێمە دوای ناکەوین.
مەلا ڕەسووڵ بەرەبەرە بۆچوون و هەستی خۆی لەسەر ژیان و ڕۆژگار لە شێعردا دەهۆنێتەوە و نازناوی خۆی بە ئەدیب دادەنێت. وەک لە ژیان‌نامەی ئەدەب و ئەدیبدا دیارە پێکەوە لە قوتابخانەکەی وەفایی خوێندوویانە و پەروەردە بوون. وێکچوونی نازناو، هاوپیشەیی (دەرمانگەری و خەتخۆشی و زانینی فەنی ڕۆژگار) و تەنانەت نویسیاری لە دەسەڵاتی باوی ئەو ڕۆژگارە، ئەدەب لە باڵویزخانەی ڕووسیە لە ورمێ و ئەدیب لە دیواخانی ئاغاکانی لاجان، بۆخۆی جێی تێبینی و سەرنجی قووڵە. دەکرێت بەدواداچوون بکەین تا لەو بارەوە بەڵگە و بابەتی نوێ بدۆزینەوە تا ئامانجی باسەکە و پێوەندی ئەو دوو شاعێرە زیاتر ڕوون بێتەوە. خاڵێک کە جێی تێڕامانە، ئەو دوو شاعێرە لەو شێعرانەی تا ئێستا چاپ بوون و لە دیوانەکەیاندا هەیە هیچ ئاماژەیەک بە شێعر و ناوی یەکیان نەکردووە. ئەڵبەت هەندێ وێکچوون لە دەربڕینی چوارچێوەی هۆنراوەکانیاندا هەیە. وێدەچێ لە نێوانیاندا شتێک ڕووی دابێت، وەکوو هەڵبژاردنی جۆری ڕێبازی دین و ژیان. ئەدەب هاوشێوەی مامۆستا وەفایی، شوێنکەوتووی خانقا و ڕێبازی شێخانی نەهری بووە، هەروەها بۆخۆی لەناو کرۆکی ئاغاواتی ناوچەکەشدا بووە. ئەدیب جیا لەوەی لەگەڵ شێخانی نەهری و نەقشی و قادریدا ناکۆک بووە، ڕەخنەگرێکی بەرچاوی ناو دەزگای ئاغاواتیش بووە و تەنانەت لە پێناو ئەو هەڵوێستانەی لە شاوەلێ چووەتە پەسوێ و لەوێ پاش ماوەیەک دەکەوێتە بەر تووڕەیی قەرەنی ئاغای مامەش و دەری دەکەن. پاشان لە سەرگیزی شنۆ دەگیرسێتەوە و لەوێش دیسان تووڕەیی ئاغای بەر دەکەوێت، بەڵام ئەوجارە تووشی لێدان و ئەتکی کەسایەتی دەبێت و لە ئەنجامی فەلاقەیەک بە دەستی ئاغا و پیاوەکانی دەردێکی کاریی تووش دەبێت کە ناهێڵێ ڕاست بێتەوە. سەرنجام ساڵی ١٣١١ هەتاوی (بە گێڕانەوەیەک ١٣٠٨) کۆچی دوایی دەکات و لە گۆڕستانی دەربەند لەسەر ڕێی شنۆ بۆ نەغەدە دەنێژرێت.
مەلا ڕەسووڵ خەتێکی خۆشی بووە و بە کوردی و فارسی شێعری نووسیوە. ئەگەرچی گوایە شێعری عەرەبی و ڕووسی و ئازەریشی بووە. داخەکەم تەنیا بەشێک لە شێعرە کوردی و فارسیەکانی تا وەکوو ئێستا دەستمان کەوتووە. جیا لە شێعر و مامۆستایی، پیشەوەر و وەستایەکی نموونەش بووە. پیشەی ئاش‌وەستایی و خەتخۆشی لە باب و باپیرانیەوە پێی گەیشتووە. لە ماڵەکەی خۆی دارتاشی و مۆرسازیشی کردووە و کەسانێک وا نەخۆش و بریندار و دەردەدار بوون و سەردانیان کردووە ئەوانیشی چارەسەر کردووە. دەگێڕنەوە لەگەڵ خاتوو زینی خێزانی، بەهارانە کۆتاڵێکی سپی و خاوێنی هەڵگرتووە و بەیانیانە پێش تاو هەڵاتن بەسەر جاڕی نۆکەفەریکەدا ڕایماڵیوە و ئاونگ و خوێواوکی نۆکی گرتووە و دایچۆڕاندووە بۆ داشۆردنی برین، داماڵینی چڵک و قەتماغەی زام، و ڕەچەتەکانی دیکە بەکاری هێناوە. کەشکۆڵێکی بووە تا سەرەتای انقلاب لای بنەماڵەکەی بووە لە بایزاوێ و بە (پەڕشین) ناسراوە. چونکە پەڕەکانی هەموو شینباو بووە و یاداشتی ڕۆژانە، نۆکتە، بابەتی پزیشکی، تێبینی و شێعری تێدا نووسیوە. بەداخەوە لە بشێویە و ئاژاوەکانی ئەوکاتە، پەڕشین و هەندێ دەستنووسی تر لەناو چوون. ئەڵبەت کۆپیەک لە دەستنووسی شێعرەکانی پاش ئینقلاب، لەلایەن بنەماڵەکەی دراوەتە سەیدیان لە مەهاباد چاپ بکرێ، بەڵام تا وەکوو ئێستە بێ چارەنووس ماوە. ئەو کۆپیە و هەندێ پەڕاو و کتێبی تر لای مەلا موحەمەد زەندی بووە لە بایزاوێ و ئێستە کە ئەو پیاوە نەماوە، ئەو بابەتانە کەوتووەتە ناو دەستاودەستی کوڕەکانی. هیوادارم چارەنووسی ئەوانەش وەک پەڕشین نەبێ. [تا وەکوو ئێستە چەند هەوڵێکمان داوە ئەو دەستنووسانە ببینین و بزانین چین، بەڵام هێشتا ڕێگە نەدراوە و قەبووڵیان نەکردوە، بیانبینین.]
کەسانێک وا ئەوکاتە لە چینی ئاغا و ڕەعیەتەکان لەگەڵ مەلا ڕەسووڵ بەرامبەر دەسەڵات و پێگە و پایەی ئاغا و مەلا و شێخ و خانەقاکان [واتا باری ئالوودەبوونی خورافاتی] هەڵوێستیان گرتووە هەمیشە دیار بوون و وەک چینێکی کەمینە هەمیشە بە نووکی قامکی خەڵکەوە کراون و به کەڵی بەش (گای قەشەنگ، گای ناوچاو مارۆ) ناسراون. هەر بۆیە هەر کەس بەنهێنی و شاراوە نەریتی شوێنکەوتنی دیواخان و خانەقای ڕەچاو نەکردووە و ڕەخنەی گرتووە بە کەڵبەش ناودێر کراوە. بەو شێوەیە لە لاجان و موکریان بەرەبەرە کەڵبەش وەک بزووتنەوە و خێڵ و دەستە و تەنانەت ڕێبازێکی ئایینی ناسراوە. لەپاش کۆماری مەهاباد و لە سەروبەندی هاتوچۆی خەڵک بۆ ڕووسیە و باکۆ و ئاشنابوونی کۆمەڵێک لەگەڵ بیری چەپ و توودە و بەلشویک و کمۆنیستەکان، هەرکەس بەرامبەر دین و ئاغا و مەلا و شێخەکان هەڵوێستی گرتووە دیسانەوە بە هەمان ناوی کەڵبەش ناودێر کراوە. دیارە چەسپاندنی ئەو ناوە تەنیا بۆ ئەوە بووە چینی ئاسایی کۆمەڵگا دوور بکەونەوە و ئەو بیرە زیاتر پەرە نەستێنێ. ئەگەرچی بەڕاشکاوانە ئەو هەڵوێست گرتنە لە ناوچەی لاجان و موکریان لە مەلا ڕەسووڵدا دەستی پێ کردووە، بەڵام دیارە هەڵوێستی ئەو پیاوە بۆ ڕێفۆرمی دینی و کۆمەڵایەتیدا بووە نەک دژایەتی لەگەڵ دین و ژیانی ئاسایی خەڵک. چونکا ئەگەر شێعرەکانی بخوێنینەوە ڕەنگدانەوەیەک لە بیری چەپ و خوانەپەرستی و ئەو بابەتانەی تێدا نییە و بەشێکی بەرچاوی شێعرەکانی مەدح و ستایشی خوا و ڕەسووڵ و بە باڵای ئایینی ئیسلامدایە. ئەڵبەت بڕێک لە شێعرەکانی هەجو و داشۆرینی نەیار و ئازاردەرانی بووە. کەلیمەی کەڵبەش بەواتای سەردەمی بەلشوویک و توودەیی و کمۆنیستیەکان لە ساڵەکانی ١٣٢٠ – ١٣۵٠ هەتاوی و دواتریش لەو ناوچەیەدا هاتووە، ئەمە چەسپاندنێکی نابەجێ و ڕەتکراوەیە لەسەر هەڵوێستەکانی سەردەمی ژیانی مەلا ڕەسووڵ. چونکا ئەو چەسپاندنە لە سەردەمی مەلا ڕەسوڵ تەنیا بەکارهێنانێک بووە لەلایەن خانەقا و دیوەخانەکان بۆ دوورکەوتنەوەی خەڵک لەو باوڕ و ڕێبازە ڕچەشکێنەیە. تەنانەت ساڵەکانی دواتریش پاش کۆماری مەهاباد، کەسایەتیەک وەکوو مەلا هادی ئەفخەمی زادە لە بۆکان، کە هاوشێوەی مەلا ڕەسووڵ هەڵوێستی گرتووە بەرامبەر ئەو دوو دەسەڵاتە لە موکریان وەبەر تانە و ناوی کەڵبەشی کەوتووە.
خاڵێکی تر ئەوەیە ئەگەر ئێستە چاوێک بە ژیان و بەسەرهاتی ئەو بنەماڵانە لە ناوچەکە وا بە کەڵبەش دەناسرێن، بخشێنین، دەبینین کەڵبەشەکان بریتین لە تێکەڵاوێکی مامۆستایان و دیندارانی ڕۆشنبیر، چالاکان و ئازادیخوازانی چەپ و لایەنەکانی دیکە. یەکەم جار ساڵی ١٩۶٠ گیوی موکریانی بەشێک لە شێعرەکانی مەلا ڕەسووڵی چاپ کردووە و باسی ئەو شاعێرە کەوتووەتە ناو کتێبەکان. لە پێشەکی دیوانەکە، گیو باسی لە کەڵبەش بوونی مەلا ڕەسووڵ نەکردووە، بەڵام باسی بیر و باوڕ و هەڵوێستەکانی و ناکۆکی لەگەڵ ئاغاکان کردووە. جێی سەرنجە مامۆستا گیو ١٩٩١ لە فەرهەنگی گیو لە ژێر ناوی “کەڵبەش”، ئەو وشەی بەواتای دین و ڕێبازێکی تازە لە موکریان و سەردەستەکەیان، مەلا ڕەسووڵ، هێناوە. دیارە ئەو واتایە لە ژێر کاریگەریەکانی کەشی باوڕی کۆمەڵگای لاجان و موکریان بووە کە بێ بنەما کەڵبەشە چەپ و کمۆنیست و بەهایی و توودەییەکانیان بە شوێنکەوتووی مەلا ڕەسووڵ داناوە و جیاوازیەک لە نێوان کەڵبەشی دینی و نادینیدا نەکراوە. لە پاش تێبینیەکەی فەرهەنگی گیو، سەرچاوەکانی تر پەرە بەو قسەیە ئەدەن. تەنانەت مامۆستا هەژار لە چێشتی مجێور باس لە سەردەمی مەلا ڕەسووڵ دەکات کاتێ لە پەسوێ بووە، دەڵێ: ئەو مەلایە لە پەسوێ هەمیشە خەریکی خوێندنەوەی چوارینەکانی عومەر خەیام بووە. شوێنکەوتووانی بە پێغەمبەرێکی دائەنن. یا لە وتووێژێکی ئیبراهیم فەرشی لەگەڵ غەنی بلووریان، هاتووە: مەلا ڕەسووڵ کتێبی مەولانای زۆر خوێندووەتەوە و ڕێچکەی دینی نائیسلامی بووە. یا بۆچوون و باسەکانی تر کە هەموو بە جۆرێک ئەنجامی تێکەڵاوبوونی کەشی کەڵبەشی سەردەمی ژیانی مەلا ڕەسووڵ و سەردەمی پاش کۆماری مەهاباد بووە. چونکە ڕاستەکەی ئەوەیە ڕچەشکێنیەکانی مەلا ڕەسووڵ وەک کەڵی بەش لەناو جەماوەری کوردەواری ئەوکاتەی لاجان و موکریان دیار بووە. هاوشێوەی مامۆستا قانع لە مەریوان، مەلا عەبدوڵا تووتنچی ناسراو بە موفتی لە پێنجوێن، و مەلا عەزیز موفتی صدرالعلما لە سەقز یا تەنانەت قازی موحەمەد خزری لە شنۆ. کاک کەماڵی ئەدیب نەوەی مەلا ڕەسووڵ لە زمانی نەنکییەوە دەگێڕێتەوە کە کاتی خۆی ئاغا و شێخ و بەشێک لە مەلاکان، ئەوەی وەک مەلا ڕەسووڵ هەڵوێستی گرتووە گوتوویانە کەڵی بەشە هەمیشە وەبەر چاوە و دیارە.
کەوابوو ئەگەر ئێستاکە لە کۆمەڵگای کوردەواری کەشێکی ئازادانە ڕەخساوە و بیری ئازادی دینی و باسی ڕۆشنبیری دین و دنیا پەرەی گرتووە ئەنجامی گشتگیری هەمان بیری مەلا ڕەسووڵی ئەدیب و قانع و موفتی و صدرالعلما و کەسانی ترە.

ئیرەج مورادی

اخبار مرتبط

نظرات

یادداشت روژان

به یاد کاک رحیم ذبیحی

هژیر الله‌مرادی انگار همین دیروز بود به دفتر روژان آمد، مانند همیشه با چهره‌ای خندان و چند ایده جدید که انجام هرکدام می‌توانست چراغی روشن فراروی نسل آینده باشد، کاک رحیم تنها یک کارگردان و فیلمساز عادی نبود. او غم مردم داشت و پشت هرکدام از آثارش می‌توان انبوهی از رنج و مرارت را دید. خود می‌گوید: غمی انسانی از من یک فیلمساز ساخت. در باره روژان نیز گفت: همان نشریه‌ای است که سالها انتظار بودنش را داشتیم. مرگ حق است اما افسوس که برای رحیم ذبیحی زود بود و طرحهایش ناتمام ماند. از تهیه فیلمی بنام «روزی، روزگاری شهرمان بانه» حرف می‌زد که نگاهی به وقایع تلخ روزهای جنگ و بمباران شهر داشت، وقایعی که بخشی از تاریخ فرهنگ پایداری کردستان را می‌توانست ثبت کند، فراخوان طرح را ما در روژان هم منتشر کردیم اما حیف که دست اجل مهلت نداد و خیلی زود روح بلندش به آسمان پرکشید و همه ما را در غم فقدان خود سوگوار کرد، روحش شاد و یادش گرامی.